وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد لەسەر سیاسەتی گومرگی رێککەوتن.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەفدی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و سیاسەتی گومرگی ئەنجامدرا.
ئاماژە بەوەش دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ئەو خاڵانە رێککەوتن کە پەیوەستن بە پێداچوونەوە بە سیاسەتی بازرگانی و گومرگی لەسەرجەم دەروازە سنوورییەکان، ئەوەش لەسەر بنەمای کۆنووسی کۆبوونەوەی پێشووتریان.
هەربەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازکرا دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێبکات.
وەفدی حکومەتی هەرێم پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان.