بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە بەرهەمهێنانی هەنگویندا گەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێویی و ساڵی رابردوو نزیکەی 850 تۆن هەنگوین بەرهەمهێنراوە.
هاشم نەجم خودەیر، بەڕێوەبەری بەشی هەنگ لە بەشی پاراستنی کشتوکاڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئەوەی خستەڕوو، ”بەو پێیەی نرخی کیلۆیەک هەنگوین بووە بە 20 هەزار لە بەرهەمهێنانی هەنگویندا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێویی و پلانمان هەیە پەرەی زیاتر بە کەرتی هەنگ بدەین لە وڵاتدا”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ”ژمارەی هەنگەوانەکان لە ساڵی 2023دا گەیشتە نزیکەی شەش هەزار هەنگەوان و ژمارەی شانەکانیشیان گەیشتە نزیکەی 190 هەزار شانە لە کاتێکدا لە ساڵی 2017 تەنها 60 هەزار شانە بووە، هەروەها بڕی بەرهەمهێنانی هەنگوین لە ساڵی رابردوودا گەیشتە نزیکەی 850 تۆن”.
دەشڵێت، ”ئێستا هەڵمەتی بێبەرامبەرمان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشی و ئافاتانەی روو لە هەنگەکان دەکەن، هاوکات پرۆژەیەکیشمان هەیە کە لەلایەن سەندیکای ئەندازیارانەوە پێشکەشکراوە بە مەبەستی دابەشکردنی هەندێک پێداویستی بۆ هەنگەوانان و رەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ وەرگیراوە”.