ئەنجومەنی مامۆستایانی وانەبێژ راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن وەکو مامۆستایانی وانەبێژ چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنی وەزیری پەروەردەین و ئەو لێدوانەین کە وتی دوای جەژن هەنگاوی دیکە دەنێن، دەڵێن چاوەڕوانن و هەنگاوەکان دڵخۆشکەر نەبن، بۆ جارێکی تر خوێندنی ساڵی داهاتوو رادەگرن.
ئەنجومەنی مامۆستایانی وانەبێژ لە راگەیەندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، زیاد لە 10 ساڵە حکومەتی هەرێم بە پاساوی جۆراوجۆر کەرتی پەروەردەی پشتگوێخستووە و دامەزراندنی راگرتووە، هەموو ساڵێک بەهۆی بێباکی حکومەت و گوزەرانی سەختی مامۆستایان و وانەبێژان، خوێندن دوای چەن مانگێک بایکۆت بە کەموکورتی بەڕێکراوە.
دەشڵێن، “وەکو مامۆستایانی وانەبێژ چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنی وەزیری پەروەردەین (نوسراوی ژ.1ی وەزیری پەروەردە لە 7ی1 ی 2024) کە تیایدا باس لە دوو خاڵ دەکات (بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ ، پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی میلاک) دواتر لێدوانێکی دیکەی کە ئاماژەی بەوەکرد دوای جەژن هەنگاوی دیکە دەنێین لەسەر کەیسی مامۆستایانی وانەبێژ”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، بە وردی چاودێری بەڵێن و هەنگاوەکان دەکەن و ئومێد دەکەن لە جێی چاوەڕوانی مامۆستایان بن، بە پێچەوانەوە هەنگاوەکان دڵخۆشکەر نەبن دڵنیایی دەدەن بۆ جارێکی تر خوێندنی ساڵی داهاتوو رادەگرین و ئامادەنابن چیدیکە پەروەردە بەم شێوە شکستخواردووە بەردەوامی پێبدەن و پێش دەسپێکی ساڵی نوێ بایکۆت رادەگەیەنن.