وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، لە سعودیە هۆتێلەکان بەتاڵ دەکرێن و خەڵک سواری پاس دەکرێن و رەوانەی دەرەوەی شاری مەککە دەکرێن.
کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی سعودیە دەچێتە هەموو هۆتێلەکان و بەتاڵیان دەکات و خەڵکەکە دەبەنە جەددە و لەوێوە دەبێت بە قاچاخ جارێکی دیکە بچنەوە مەککە.
کاروان ستونی ئاشکراشیکرد، تادێت رێکارەکان توندتر دەبێت و دیار نییە ئەو کەسانەی بەبێ مۆڵەت چوونەتە وڵاتەکە دەتوان حەج بکەن یاخود نا و بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، 64 هەزار کەس دەستگیرکراون و 97 هەزار کەسیش رێگریان لێکراوە بچنە ناو مەککەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە رۆژانە ئەو کەسانەی لە سعودییەن پەیوەندییان پێوە دەکەن، بەڵام ئەمان ناتوانن هیچیان بۆ بکەن، چونکە بابەتەکە لەدەست نە دەسەڵاتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانە نە لە دەسەڵاتی عێراقدایە، بەڵکو بڕیاری سعودیەیە.
جەختی لەوەشکردەوە، زۆر زوو هۆشدارییاندا لەوەی خەڵک ئەم رێگەیە بەکارنەهێنێت بۆ حەجکردن و خۆیانی لێ بپارێزن، بەڵام خەڵکی بەقسەیان نەکردن وتەبێژەکە وتیشی، “ئێمە هۆشداریماندا خەڵک حەجی بازرگانی نەکات بەڵام قسەی ناشرینیان پێدەوتین لەسەر هۆشدارییەکانمان”.