تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست لە دەیەی رابردوو بە نزیكەی دوو لەسەر سێ بەرزبووەتەوە، چاوەڕوانیش دەكرێت بگاتە ئاستێكی پێوانەیی بە 20 هەزار و 800 حاڵەت لەمساڵدا، بەپێی شیكارییەكی نوێ.
بەپێی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، توێژەران زیادبوونی رێژەی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست لە كەسانی سەروو 80 ساڵ دووپاتكردووەتەوە، كە تیایاندا رێژەی تووشبوون لە دەیەی رابردوودا بە رێژەی 57% زیادیكردووە، وەك ئەوەی لە ژمارەكانی ناوەندی توێژینەوەی شێرپەنجە لە شانشینی یەكگرتوو هەیە.
شارەزایان زیادبوونی حاڵەتەكانیان لەو تەمەنانەدا بەستووەتەوە بە زیادبوونی رۆژانی پشووی ئەو كەسانە لە شەستەكانی رابردووەوە.
بەپێی دامەزراوەكە سەرجەم تەمەنەكان زیادبوونیان لە رێژەی تووشبووندا تیادا بەدیدەكرێت، بەڵام ئەو كەسانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 49 ساڵدایە زیادبوونەكەیان لەو ماوەیەدا كەمترە، بە رێژەی 7% بووە، ئەوەش بەهۆی هۆشیارییانەوەیە لەبارەی گرنگیی بەكارهێنانی دژەخۆر.
كلیر نایت، بەڕێوەبەری زانیارییە تەندروستییەكان لە ناوەندی توێژینەوەی شێرپەنجە لە شانشینی یەكگرتوو دەڵێت، سووتان بەخۆر تەنها جارێك لە ماوەی دوو ساڵدا، دەشێت ببێتەهۆی سێ هێندە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست، بەراورد بە هەرگیز تووشنەهاتن بە سووتانەوە.
دەشڵێت، زۆر گرنگە خۆت لە زۆر بەركەوتن بە تیشكی خۆر بپارێزیت، بەتایبەت ئەگەر بە ئاسانی تووشی سووتان بەخۆر دەبیت. هەروەك چەند رێنماییەكیشی هەیە:
– ئەوە بزانە سووتان بەخۆر تەنها لە رۆژە گەرمەكاندا روونادات، بەڵكو لە رۆژانی سارد و هەوراویش روودەدات.
– باشترین رێگا بۆ پاراستنی دەموچاو كاتێك خۆر بەهێزە، دروستكردنی سێبەر بۆ دەموچاو، جلوبەرگ و چاویلكەی پارێزەرە لە خۆرە.
– دڵنیابەرەوەی لەوەی كراسەكەت قۆڵەكانت دابپۆشن.
– باشترە كڵاو و چاویلكەی بەر خۆر بەكاربهێنیت، كاتێك خۆر بەهێزە.
– پێویستە كرێمی دژە خۆر لە جۆری چوار و پێنج ئەستێرە بەكاربهێنیت، لەگەڵ بەكارهێنانی بڕێكی زۆر و بڵاوكردنەوەی بەسەر پێستەكەدا.