لە رووداوێكی فڕۆكەدا كەسێك گیانیلەدەستدا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون

بەهۆی رووداوێك كە بەسەر فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانیی سەنگافورەدا هات و لە گەڕانەوەدا بوو لە لەندەنەوە، كەسێك گیانیلەدەستدا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

فڕۆكەكە كە لە جۆری بۆینگ 777-300ER-ە لە رێگادابوو بۆ سەنگافورە، بەڵام لە بانكۆك نیشتەوە.

كەناڵی بی بی سی بڵاویكردەوە، بەپێی داتاكانی بەدواداچوونی فڕین، فڕۆكەكە لە بەرزیی شەش هەزار پێ (دوو هەزار مەتر) لە ماوەی چەند خولەكێكدا نیشتووەتەوە پاش تێپەڕاندنی كەنداوی بەنگال.

فڕۆكەكە 211 سەرنشین و 18 كەسی تیمەكەی هەڵگرتووە و، كۆمپانیاكەی خاوەنی لە راگەیەندراوێكدا سەرەڕای گەیاندنی پرسە بە كەسوكاری قوربانییەكە دەڵێت، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تایلەند هەماهەنگی دەكات بۆ پێشكەشكردنی هاریكاریی تەندروستی بە سەرنشینان و، تیمێكیش رەوانەی بانكۆك دەكات بۆ پێشكەشكردنی هاریكاریی زیاتری پێویست.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری یەكێك لە سەرنشینانەوە رایگەیاند، فڕۆكەكە لە پڕێكدا كەوتووەتە جوڵەی نائاسایی و لەرینەوە.

تالب زافران ئەزمیر (28 ساڵ) وتی، “ئامادەكاریم كرد بۆ ئەوەی روودەدات، لە پڕێكدا دابەزینێكی زۆری كرد، بۆیە هەموو ئەوانەی دانیشتبوون و پشتێنی سەلامەتییان نەبەستبوو بەرەو میچ (سەقف)ەكە بەرزبوونەوە”.

“هەندێكیان سەریان بەر بۆكسی تایبەت بە جانتا و كەلوپەل لە بەشی سەرەوەی ناو فڕۆكەكە كەوت” ئەو سەرنشینە وای وت.

ئەو جۆرە لە رووداو كاتێك روودەدات كە فڕۆكە بەنێو هەوردا تێدەپەرێت، بەڵام هەندێكجاریش هەیە لە “هەوای ئاساییدا” كە بە ئامێری راداری كەشوهەوای تایبەت بە فڕۆكە نابینرێت و پێشبینیش ناكرێت، روودەدات.

تۆڕی بی بی سی لە زاری جۆن ستریكلاند، شارەزای فڕۆكەوانی رایگەیاند، ئەو رووداوانە دەشێت برینداربوونی مەترسیداری لێبكەوتەوە.

وتیشی، “لەخۆڕا نییە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی رێنوێنی دەكەن بە بەستنی پشتێنی سەلامەتی بە درێژایی گەشتەكە و بەشێوەیەكی دروست، گەشتەكە كورت بێت یان درێژمەودا”.

بەپێی توێژینەوەكان گۆڕانی ئاووهەوا هۆكارە بۆ زیادبوونی ئەو جۆرە رووداوانەی ئاسمان لە ئایندەدا.

بابەتی پێشتر

سەعدی ئەحمەد پیرە: یەکێتی بەهیچ شێوەیەک داوای لابردنی کورسیی پێکهاتەکانی نەکردووە

بابەتی دواتر

سێ رۆژە گەنجێك لە هەولێر بێسەروشوێنە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share