پشكی هەرێم لە بودجە
پەرلەمانتارێك: شیعەكان ئەنجومەنێك بۆ پێكەوە بڕیاردان پێكدەهێنن

هەنگاوەكان بۆ پەسەندكردنی بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق دەستپێكراون و پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت، فراكسیۆنە شیعییەكان دەیانەوێت ئەنجومەنێكی هاوبەش پێكبهێنن و دەربارەی پشكی هەرێمیش ئاشكرای دەكات، “تا ڕادەیەك كۆدەنگن”.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی كانونی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستا-ی وت، فراكسیۆنە شیعییەكانی پەرلەمان لە هەوڵدان بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنێكی هاوبەش تا پێكەوە بڕیاربدەن و تاڕادەیەك بەرامبەر كورد توندن.

وتیشی، “پێشتر ئەو هاوپەیمانییە لەنێو فراكسیۆنە شیعییەكاندا هەبوو، بەڵام بڵاوببوونەوە و لە ئێستادا بەنیازن جارێكی تر خۆیان كۆبكەنەوە”.

دەربارەی هەڵوێستی ئەو فراكسیۆنانەش لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەدا جەمال كۆچەر ئەوەی خستەڕوو، “تاڕادەیەك كۆدەنگن لەسەر بابەتی هەرێم و دەڵێن، دەبێت هەرێمی كوردستان داهات ڕادەستبكات و دواتر بودجەی بۆ ڕەوانە بكرێت”.

سەبارەت بە هەوڵ و هەڵوێستەكانی كورد لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی شیعەكاندا، ئەو پەرلەمانتارەی كورد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە كورد لەنێوخۆدا كۆدەنگە لەسەر پشكی هەرێم، بەڵام ئەوەندەی زانیاری هەبێت، هیچ هەنگاوێكی فەرمی بە ئاراستەی فراكسیۆنەكانی دیكە نەناوە.

دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئەنجامدا و بڕیاریشە سبەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكات، ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران پێی وایە، بودجە لە ماوەی مانگێكدا پەسەندبكرێت.

ئەگەرچی بڕیاربوو شاندێكی سیاسی باڵای هەرێم بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق سەردانی بەغداد بكات، بەڵام تا ئێستا سەردانی شاندەكە دیارنییە و جەمال كۆچەر لەو بارەیەوە وتی، تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی وادەی سەردانی شاندەكە بەوان نەوتراوە.

بەپێی پرۆژەیاساكە، کۆی قەبارەی بودجەی گشتیی عێراق دەگاتە 164 تریلیۆن دینار، بەڵام داهات 93 تریلیۆن دینارە و بڕی کورتهێنانەکەی 71 تریلیۆن دینارە.

لە پڕۆژەكەدا پشكی هەرێمی كوردستان بە (13.904.012.452.000) دینار دیاریكراوە، بەڵام ئەگەری دەستكاریكردن و گۆڕانكاریكردن تیایدا هەیە.

بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

خشتە و کاتەکانی ئەمڕۆ، یەکشەممەی خولەکانی ئەوروپا بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانتارێك: بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە پێویستە هـەرێم رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ بەغداد بكات

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق چەند دۆسیەیەكی لەسەر هەرێمی كوردستان كردووەتەوە كە چارەسەركردنیان لەم قۆناغەی ئێستادا ئاستەمە…
Total
0
Share