وتەبێژی یەکێتی: تەمەنی پەرلەمان 32 ساڵە و لەوە دەرچووە پێی بوترێت ساوایە و فەریکە

وتەبێژی یەکێتی رایدەگەیەنێت، تەمەنی پەرلەمان 32 ساڵە و لەوە دەرچووە پێی بوترێت ساوایە و فەریکە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دامەزراوە تەشریعی و تەنفیزییەکان و سەرجەم دامەزراوەکان لە هەرێمی کوردستان بپارێزین.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دۆخەی دروست بووە، هیچ هۆکارێکی دیاریکراوی نییە و تەنها نیشاندانی هێزە و، درەنگ و زوو بێت هەر هەڵبژاردن دەکرێت و چەند زووتر بکرێت بۆ خۆمان و هەرێمەکەمان باشترە.

روونیشیکردەوە، هەرێمی کوردستان رێزی زۆری لێدەگیرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و، پێگەیەکی بەهێزی هەیە و پێویستە ئەو پێگەیە بە پارێزراوی بمێنێتەوە و هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.

جەختی لەوەشکردەوە، راپۆرتەکەی خەبات چەواشەکارییە و راست نییە و لە جێگەی ئەوەی لە رێگەی رۆژنامەیەکەوە چاوساغی بۆ تورکیا بکرێت، دەکرێت دانیشتن بکرێت و رێککەوتن بکرێت و حکومەتی هەرێم پێشوەختە بڵێت بۆچی کارێکی وا دەکرێت و لێپرسینەوە بکات.

سەعدی پیرە روونیشیکردەوە، یەکێتی هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات چ لە نیشتمانی و نەتەوەیی و نابێت بە دووژمنی هیچ لایەنێک لە ناوخۆی کوردستان و، رێگەش نادرێت هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێندرێت.

راشیگەیاند، یەکێتی رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەگرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت بڕیار هەبێت بەدڵمان نەبێت یاخود بەدڵمان بێت، بەڵام رێز لەو دادگایە دەگرین و خۆمان دروستمان کردووە.

پێویستە دامەزراوەکان وەک بیلبیلەی چاومان بپارێزین و بیسەلمێنین کورد توانای خۆ بەڕێوەبردنی هەیە هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، ئەوەی هەیە دەڵەمەیە، وتەبێژی یەكێتی وای وت.

لەبارەی کێشەکانی یەکێتی و پارتیشەوە سەعدی پیرە وتی، “ئێمە داوامان کردووە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ دەستکاری نەکرێن و، هەر رۆژە و بەڕێوەبەرێک و بەرپرسی یەکێتی لانەبرێت و رێگری لە کارەکانی نەکرێت”.

بابەتی پێشتر

كێ نازناوی پریمەرلیگ دەباتەوە؟

بابەتی دواتر

دڵشاد عومەر: چەند بنکەیەک بەمەبەستی ئەنجامدانی خولی بێبەرامبەری بەهێزکردن بۆ خوێندکاران دەکەینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share