بەرائە بەنی عومەر، پسپۆڕی دەرووناسی و کۆمەڵناسی لە بەرنامەی (سەباح)ی کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی رایگەیاند، جۆرەکانی توندوتیژی زۆرن، چ لە رووی توندوتیژی جەستەیی و زارەکی و دەروونی و دەشڵێت، “پشتگوێخستنی پیاوان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە بە توندوتیژی دادەنرێت”.
پسپۆڕەکە دەشڵێت، “کاتێک باسی توندوتیژی دەکرێت، هەمووان وادەزانن تەنها توندوتیژی جەستەیی دەگرێتەوە، بەڵام ئەوە درووست نییە و تەنها جۆرێکە لە جۆرەکانی توندوتیژی”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەمکردنەوەی تواناکانی پیاوان و پشتگوێخستنیان لە بەهێزترین جۆرەکانی توندوتیژین کە ژنان بەرامبەر بە هاوسەرەکانیان ئەنجامی دەدەن و ئەوەش کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندی هاوسەرگیری دەبێت.
بەرائە بەنی عومەر ئەوەشی روونکردەوە، کاتێک باسی پشتگوێخستن دەکرێت، پشتوگوێخستنی رۆژێک یان دۆخێکی دیاریکراو باس ناکەین، بەڵکو باسی ئەو جۆرە پشتگوێخستنە دەکەین کە ماوەی چەند رۆژێک دەخایەنێت و بەردەوام دەبێت و پەیوەندیی نێوان دوو هاوسەرەکە دەچێتە قۆناغی سەهۆڵبەندانەوە.