بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە واشنتن لەگەڵ دانیال شاپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەبوو، دۆخی ئەمنی و مەترسییەكانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە فراوانكردنی هەماهەنگییەكان لەپێناو پاراستنی ئاشتی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كرایەوە.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی رۆڵی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان لە ناوچەكە، ئاماژەی بەوەكرد، ” بە گرنگییەوە لە بەردەوامیی هەماهەنگییەكان و سەرخستنی گفتوگۆكانی رێككەوتنی نێوان ئەمریكا و عێراق دەڕوانین و پێویستە هەموومان پێكەوە رووبەڕووی هەڕەشەكان و مەترسییەكانی تیرۆر ببینەوە”.
لەبارەی هەوڵەكان بۆ یەكخستنەوە و بوونیادنانی هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە، سەرۆك بافڵ رایگەیاند، “پشتیوانییەكانی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی بەرزدەنرخێنین، هیوادارین لە داهاتووشدا هاوكار و هەماهەنگبن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایە و پاراستنی ئاشتی و ئارامیی ناوچەكە”.