قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە سەردانێكدا بۆ گوندی هەرمۆتە لە سنووری كۆیە لە بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خوشك و برا مەسیحیەكانی پرسییەوە.
لە میانی سەردانەكەی رۆژی چوارشەممە بۆ سنووری كۆیە، جێگری سەرۆك وەزیران، رایگەیاند، بە پێویستم زانی خۆم بێمە خزمەتتان، دڵنیاتان دەكەمەوە كە هەمیشە لە دڵەوە نزیكی ئێوەبووم، چونكە دەزانم ئێوەی خزمان چەند خۆشەویست بوون لای خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال و دەشزانن كە چەند تایبەتمەندی دابووە خوشك و برایانی مەسیحی و هەرمۆتە، بۆیە ئەم دەرفەتە دەدەین بە خۆمان كە (كۆیایەتی و خۆیایەتی)ش بكەین.
قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەشكرد كۆیە و مێژووەكەشی هەمیشە ناسراو بووە بەو جوانییەی كە لێرە دەیبینم لە پێكەوەژیانی ئاشتییانە، هیوادارم ئەو نموونە جوانەی كە ئێوە توانیووتانە پەیڕەوی بكەن نموونەیەك بێت بۆ هەموو كوردستان و عێراق.
جێگری سەرۆك وەزیران، بە خوشك و برایانی مەسیحی راگەیاند، هاتووم تا لە نزیكەوە گوێبیستان بم، تا بزانین چۆن زیاتر هاوكارتان بین و خزمەتتان بكەین و هەندێك لەو ئاستەنگانەی هەتانە چارەسەریبكەین.
كۆبوونەوەی جێگری سەرۆك وەزیران و خوشك و برایانی مەسیحی هەرمۆتە بە گفتوگۆی چڕوپڕی هەمەلایەنە كۆتاییهات.