پسپۆڕانی دەروونی و پەروەردەیی هەمیشە باس لەوە دەکەن، وزەی نەرێنی زۆر بە زووتر و ئاسانتر بڵاودەبێتەوە بەراورد بە وزەی ئەرێنی و گرنگییەکی تایبەت دەبێت بدرێت بەشێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی نەرێنی بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ژیانت دروست نەکەن.
پسپۆڕانی پەروەردەیی دەڵێن، “رەنگە کەسێک لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک هاوڕێدا تووشی کێشە ببن کە لە رووی سۆزدارییەوە کێشەی بەردەوامیان هەیە و بارگرانییان لەسەرە بەهۆی نەرێنی بوونی بەردەوامیانەوە.”
لەبارەی ئەو نیشانانەشەوە پسپۆڕان قسەیان کردووە کە دەبێت بزانیت پێویستە سنوورێک بۆ نزیکی لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە دابنێیت و باس لەوەدەکەن، کاتێک لەگەڵ مامەڵەدەکەیت، هەست بە دڵەڕاوکێ و بێزاری دەکەیت یاخود کاتێک بەردەوام تۆ بۆ ئەو هەیت لە هەموو روویەکەوە بەڵام ئەو هیچ هەنگاوێک بەرەو تۆ نانێت.
دکتۆر جۆزێف گیرگز پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەکان دەڵێت، “تێگەیشتن رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دیاریکردنی سروشتی ئەو پەیوەندیانەی کە مرۆڤ لەگەڵ کەسانی دیکەدا دروستی دەکات و گرنگە تا دەتوانرێت دووربکەونەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤە نەرێنییەکان.”
پزیشکەکە کە قسەی بۆ کەناڵی سکای نیوز کردووە باسی لەوەکرد، کەسانی نەرێنی دەتوانن گۆڕانکاری لە رەفتارەکانیاندا بکەن بە بوونیان لە ژینگەیەکی هاندەری ئەرێنی و هەوڵدانیان بۆ گۆڕینی ژینگەکانیان.
ئەرێنی بوون لەسەر ئاستی خود و پیشە و خێزاندا بڕیارێکی کەسییە و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەری و ئاسوودەیی دەروونی، هاوکات پێویستە درک بە گرنگی گرتنەبەری ئەم هەڵوێستە ئەرێنییە بکرێت بۆ دڵنیابوون لە کوالیتییەکی دڵخۆشکەری ژیان.