پارێزگای هەولێر لە بارەی هاتوچۆکردنی بارهەڵگرەکان لە تونێلی پیرمام رایدەگەیەنێت، ”لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، تونێلەکە بەڕووی هاتوچۆکردنیاندا دەکرێتەوە”.
لە راگەیەندراوێکدا پارێزگای هەولێر ئاگاداری شۆفێران و هاوڵاتییان دەکاتەوە، ”لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و کەمکردنەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ و جموجۆڵ و جوڵەی بازرگانی، بڕیاردرا بە کردنەوەی تونێلی پیرمام بە رووی هاتوچۆی بارهەڵگرەکاندا بە مەرجی پابەندبوونیان بە کێشی رێگا پێدراو و بارنەکردنی کێشی زیادە، کە ئێستا زۆربەی رێگا سەرەکیەکان بە رووی هاتوچۆکردنیان داخراوە و بەشێک لە رێگا جێگرەوەکانیش گونجاونین، هەروەها ئەو بڕیارە تاوەکو ئەوکاتەیە کە رێگای گونجاویان بۆ دابیندەکرێت”.
دەشڵێت،”لە رۆژانی هەینی بۆماوەی 24 کاتژمێر ناتوانن بە تونێلەکەدا هاتووچۆ بکەن، بەهەمان شێوە لە بۆنە و پشووەکانیشدا”.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا پارێزگای هەولێر داوا لە شۆفێران دەکات، ”لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و سەلامەتیی هاتوچۆ و رێگاوبانەکان پابەندی رێکار و رێنماییەکانبن”.