سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، “گەشبینم لە نزیكترین دەرفەتدا حكومەتی عێراق مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت ئەوەش دوای ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە تیایدا جەخت لەسەر پابەندییەكان كرایەوە بە جۆرێك هیچ بیانوو و بەهانەیەك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەهێڵدرێتەوە بۆ دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم”.
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وتیشی، “لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەروەك بەڵینمان دابوو بەشداربووین لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێكی پڕ زانیاریی لەسەر بابەتی بە هەمیشەییكردنی مووچەخۆرانی گرێبەست، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ كەیسەكە و تێگەیشتن لە ڕەوایی داخوازیی ئەم چینەی مووچەخۆران كە بەشێكی گەورە و بەرچاوی هێزی كاری كەرتی گشتی پێكدەهێنن، بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی لیژنەیەكی وەزاریی كە لە ماوەیەك لە 15 ڕۆژ تێپەڕ نەكات و وردەكاریی مەرج و رێكار و میكانیزمی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ئامادەبكەن لە ڕووی یاسایی و كارگێڕی و داراییەوە و دواتر دەخرێتەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڕیاردانی كۆتایی، گەشبینم لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەن ئەم بابەتەش یەكلابكرێتەوە.