پەرلەمانتارێكی كورد بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق دەربارەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پاش گەیشتنی لیستی مووچە بە پلەبەرزكردنەوەوە ئاشكرادەكات.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، لەگەڵ بەرێوەبەرى گشتیى بودجە لە وەزارەتى دارایى عێراق گفتوگۆی کردووە، ئەوەى راگەیاندووە، بەگوێرەى بریارەکەى دادگاى فیدڕاڵى عێراق “مووچەى سەرجەم مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان هاوتاى مووچەخۆرانى عێراق دەکرێت”.
دەربارەی بەرزكردنەوەی مووچەش نەرمین مەعروف لەزاری ئەو بەڕێوەبەرەی دارایی عێراق وتی، “هەرکات وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان، لیستى مووچە بە پلەبەرزکردنەوەوە رەوانەى بەغداد بکات، ئەوان ئامادەن خەرجیبکەن”.
دوێنێش عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە روونە و، وەزارەتی دارایی عێراق لە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەردەوامدەبێت.
وتیشی، “بە بانكیكردنی مووچە لە رێگای بانكە حكومییەكانەوە بۆ زامنكردنی مووچەی مووچەخۆرانە و بانكی ئەهلی مەترسی مایەپووچبوونی هەیە و نامانەوێت مووچەخۆران زەرەرمەندبن”.