%75ی تەواوكراوە
كاركردن لە پڕۆژەی رێگای دەربەندیخان-کەلار بەردەوامە

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن رایدەگەیەنێت، کارکردن بەشێوەیەکی چڕ و فراوان لە سەرجەم بڕگەکانی پڕۆژەی رێگای دووسایدی دەربەندیخان-کەلار بەردەوامە.

وەزارەتەكە دەشڵێت، لەئێستادا رێژەی ئەنجامدراوی پرۆژەکە زیاتر لە 75٪‏ی تێپەڕاندووە.

لە 16ی نیسانی رابردوو عوسمان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بێشکان، رایگەیاند، لەسەر بەڵێن و پشتیوانییەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کە بەڵێنی تەرخانکردنی بودجەی پرۆژەکەی دا، کارکردن لە پرۆژەی رێگای کەلار- دەربەندیخان، دەستپێدەکاتەوە.

وتیشی، “ئەگەر بڕەپارەی پێویستمان بۆ تەرخانبکرێت، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەکە تەواودەکەین”.

پێشتر دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند، لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە و، ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەکە تەواو دەکرێت.

پرۆژەی رێگای دووسایدی دەربەندیخان-کەلار درێژییەکەی 41 کیلۆمەترە، بە تەواوبوونی، رێگای کاتژمێرێک و 25 خولەکی نێوان ئەو دوو شارە، دەبێتە 40 خولەک و لەئێستاشدا بەشێک لە قۆناغە تەواوبووەکانی رێگاکە خراوەتە خزمەتی ھاوڵاتییانەوە.

لەنێو پرۆژەکەدا 35 پرد هەن کە درێژییەکەیان بە چوون و هاتن دەگاتە پێنج کیلۆمەتر و زۆرینەیان تەواوکراون، ھاوکات پردی ئاوە خێری کە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێو پرۆژەکەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share