لەسەر کەیسی کوشتنی دوو هاوڵاتی، کەسێکی داواکراو لە سلێمانی دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بڕیاری دەستگیركردنی تۆمەتبارێك لەسەر دۆسیەی كوشتنی دوو كەس و بەپێی ماددەی 406 لەنەهێشتنی تاوانی بەغدادەوە گەیشتە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، “سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیربكرێت”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا تۆمەتباری بەناسنامە عەرەب (ب، ك، ع) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێتەوە.