تایوان لە ماوەی رۆژی رابردوودا، 218 بومەلەرزە و پاشلەرزەی تۆمارکرد.
ئیدارەی ناوەندی کەشناسیی تایوان، رایگەیاند، یەکەم بومەلەرزە بە گوڕی 5.5 پلە بە پێوەری رێختەر تۆمارکراوە، و دوای ئەوە چەندین بومەلەرزەی دیکە روویانداوە کە دوو بەهێزترینینان بە گوڕی 6.0 و 6.3 بوون بە پلەی رێختەر.
روودانی ئەو بومەلەرزانە دوای چەند هەفتەیەک دێت لە روودانی بومەلەرزەیەکی بەهێز کە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، کاتێک لە 3ی ئەم مانگەدا بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.2 پلە لە تایوان روویدا و بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 106 کەسی دیکە برینداربوون.
بەپێی ئامارەکان، بومەلەرزە لە تایوان زیاتر لە ناوچەی هوالین روودەدات بەبەراورد بە ناوچەکانی دیکە، لە مانگی شوباتی ساڵی 2018، بومەلەرزەیەکی وێرانکەر بە گوڕی 6.5 پلە بە پێوەری رێختەر روویدا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 16 کەس و برینداربوونی 258 کەسی دیکە.