وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ ڕاسپێردراون بۆ بنەبڕکردنی قاچاخچێتی لە هەرێم.
جوتیار عادل، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “بەهۆی چاکسازییەکانەوە خەرجییەکان کەمیان کردووە و بەمزوانە وەزارەتی دارایی لەبارەی موچەوە هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە”.
وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیران ڕاشیگەیاند، “لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆکرا لەسەر زیادکردنی داهات لە هەرێم و لەسەر ئەم پرسە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ پرۆپۆزەڵێک بۆ بنەبڕکردنی قاچاخچێتی ئامادە دەکەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران ڕێکارەکان کرداری دەکرێت بۆ ڕێگری لە قاچاخی سەر سنورەکان”.
جوتیار عادل ئاشکراشیکرد، “ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان داڕێژراوە و کۆی وەزارەتەکان بۆچون و تێبینیان لەسەر ڕەشنوسەکە دەربڕیووە”.