پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، گرنگە کورد تێکەڵی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەبێت، ئەگەرنا، ئەم دۆخە بە کوژانەوە و کەوتنی سەرتاسەریی تەواو دەبێت.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، “ئێسکەکان؛ یەکتر دەشکێنن، بازنەکان؛ دەبنە دەروازەی کڵۆمدراوی تونێلە داخراوەکان. دۆخی هەمووان خراپە، جیاوازییەکانیان تەنها لە نێوان خراپ و خراپترو خراپتریندایە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دۆستایەتیی و دژایەتییە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان؛ دەگۆڕێن، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کورد ناکۆکییە ناوخۆییەکانی تێبپەڕێنێت و، تێکەڵی ململانێ و پاکتاوە نوێیە عیراقیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان؛ نەبێتەوە. ئەگەرنا؛ ئەم دۆخە بە (کوژانەوەو کەوتنی سەرتاسەریی تەواو دەبێت)، کورد دەمێنێت؛ بەڵام دەبێت لە ژێر سفرەوە دەستپێبکاتەوە”.