یەكەم كاروانی هاوكاریی ئەمساڵی هێزەكانی هاوپەیمانان گەیشتە وەزارەتی پێشمەرگە و بڕیارە بەسەر لیواكاندا دابەشبكرێت.
بەئامادەبوونی کۆڵۆنێڵ ولیام، یاریدەدەری جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و عەمید شێرزاد ئەسعەد، سەرۆکی لیژنەی وەرگرتنی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی كانونی دووەم ڕێورەسمی ئیمزاکردنی گەیاندنی پێداویستی سەربازی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
کۆڵۆنێڵ ولیام وتی، ئەوەی ئەمجارە پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگەمان کرد کۆمەڵێک پێداویستی سەربازی بوو، بەتایبەتی ئۆتۆمبێل، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو هەماهەنگیەی لە نێوان هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە.
وتیشی، “بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستیە سەربازییەکان لە داهاتوو ئەو هاوکاریانە بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن”.
لای خۆیەوە عەمید شێرزاد ئەسعەد وتی، پێداویستییە سەربازییەكانی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییانەدایە کە هاوپەیمانان پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگەی دەکەن.
وتیشی، “ئێمە سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین بۆ ئەو پاڵپشتیانەی لە وەزارەتی پێشمەرگەی دەکەن، کە ئەمڕۆ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زۆر پێویستە، هیوادارین بەردەوام بێت”.
بەپێی بڵاوكراوەیەكی وەزارەتەكە بڕیارە سەرجەم ئەو پێداویستیانە بەسەر لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابەشبکرێت.