بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی هەرێم ئەنجامبدرێت.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەمە 7ی نیسانی 2024 لەدیوانی وەزارەت، دکتۆر دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم سەرپەرشتیی کوبوونەوەیەکی تایبەت بە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێم کرد.
بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە گرنگی و پێویستی سەرژمێریی گشتی کرد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە دەبێت ئەم پرۆسەیه نەخشە رێگاو پلانی کاری دەوڵەتی لەسەر بنیادبنرێت بەتایبەت لەبواری پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەدا لەخزمەتی هاوڵاتییاندا بێت و دووربێت لە مەرامی سیاسی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەبارەت بەناوچە کوردستانییەکانیش، وەزیری پلاندانانی هەرێم، رایگەیاند، نابێت ئەم پرۆسەیە بچێتە چوارچێوەی سیاسی و ببێتە هۆکارێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە، چونکە وەکو کورد و تورکمان پێکهاتەکان مێژوویەکی تاڵمان هەبووە لەگەڵ سەرژمێرییەکانی پێشووتر .
وەزیری پلاندانان ئاماژە بەوەش دەکات، لەماوەی رابردوو لەپەیوەندی بەردەوام بووە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی تێگەیشتنێک دروستببێت لەسەر رێکارەکانی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی، بەتایبەت دیاریکردن و پێدانی بەشه بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق کە بەم دواییە رێککەوتنی لەسەرکراوە .
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “وابڕیاره کۆتایی ئەمساڵ 20ی تشرینی دووەم 2024 سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبووانی عێراق و هەرێم ئەنجامبدرێت، ئەگەر هاتوو ئامادەکارییەکان بەپێی بەرنامەی دریاریکراو وەکو خۆی جێ بەجێبکرێن”.