کونسوڵخانەی چین لەبارەی شامپۆی قژ رەشکردنەوەکە هاتەدەنگ

کونسوڵخانەی چین لە هەولێر نیگەرانی خۆی لە تێکچوونی دۆخی تەندروستیی هاوڵاتییەک بەهۆی شامپۆیەکی چینییەوە دەربڕی و ئامادەیی خۆیانی بۆ هەموو هەماهەنگییەک لەو بارەیەوە دەربڕی.

کونسوڵخانەی چین لە هەولێر بڵاویکردەوە، سەرنجمان له‌و راپۆرتانە داوه‌ کە لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن له‌ هەرێمی کوردستانی عێراق بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ سەبارەت بە بەرهەمێکی شامپۆ بە ناوی “Brimles Herbal-Bubble”، ده‌مانه‌وێت هاوسۆزی خۆمان بۆ بەکارهێنه‌رانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بگەیەنین، نیگەرانی خۆمان به‌م رووداوه‌ ده‌ڕه‌بڕین و ئامادەین هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بەمەبەستی زانینی سەرچاوە و کەناڵی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە و زانیاری سەبارەت بە ئەنجامی پشکنینی کوالیتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی چین گرنگییەکی زۆر بە کوالیتی و سەلامەتی کاڵاکانی هەناردەکردنی چین ده‌دات، فه‌رمانگه‌كانی ڕێکخستنی بازاڕ و گومرگ بە توندی بڕگە پەیوەندیدارەکانی یاسای کۆماری میللی چین سەبارەت بە کوالیتی بەرهەم و یاسای کۆماری میللی چین سەبارەت بە پشکنینی کاڵای هاوردە و هەناردەکردن جێبەجێ دەکەن، به‌گوێره‌ی ئه‌مانه‌، پشکنین و چاودێری کوالیتی کاڵا بەرهەم هێنراوەکانی چین ئەنجام دەدەن و کوالێتی ئەو کاڵایانە دەپشکنن کە هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، پێمان خۆشە هەماهەنگی لەگەڵ لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان بکەین و وردەکاری تەواوی ئەم رووداوە وەربگرین بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کێشەیەک کە لەوانەیە لە پرۆسەی هاوردەکردنی کاڵاکەدا هەبێت، پێمان وایە كه‌ هەر بەرهەمێکی ساختە و خراپ، کاتێک پشتڕاستکرایەوە، پێویستە بە خێرایی لە بازاڕ دەربکرێت و لە ڕێگای هەوڵە هاوبەشەکانمانەوە دەتوانین بەرژەوەندی و مافی بەكارهێنه‌ران لە پلەی یەکەمدا بپارێزین.

بابەتی پێشتر

ئەو خۆراکانە کامانەن واگونجاوترە پێکەوە نەخورێن؟

بابەتی دواتر

بانکی ناوەندی بۆ ئەمڕۆ تەنها 4.4 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی نەختینە خستەبازاڕەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share