قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ڕایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە 210 ئەفسەری ئازا و ڕاهێندراوی دیکە چوونە ڕیزی هێزی پێشمەرگەوە بۆ پاراستی خاک و خەڵکی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی 5ـی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێجی سەربازیی قەڵاچوالان، لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی، “سڵاوی گەرمی دڵی پڕ هومێدی مەت پێشکەش، ئەی هەڤاڵی پێشمەرگە، ئەی پارێزەری خاک و گیان و سەروماڵی خەڵکی کوردستان”.
ڕاشیگەیاندووە، خۆشحاڵ و شەرەفمەند بووم بە یاوەریی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەشداربووین لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی 5ـی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێجی سەربازیی قەڵاچوالان.
دەشڵێت، “لە ئەمڕۆوە 210 ئەفسەری ئازا و ڕاهێندراوی دیکە چوونە ڕیزی هێزی پێشمەرگەوە بۆ پاراستی خاک و خەڵکی کوردستان. پیرۆزبایی لەو ئەفسەرە ئازیزانە و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەکەم. دەستخۆشییش لە بەرپرسانی کۆلێجی سەربازیی قەڵاچوالان و مامۆستا و ڕاهێنەرەکان دەکەم کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە بەپیشەییکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان”.