بەرپرسێكی بانكی ناوەندیی عێراق رایدەگەیەنێت، هەوڵی جددی دەدەن بۆ كەمكردنەوەی جیاوازیی نرخی دۆلار لەنێوان رەسمی و بازاڕدا.
عەممار حەمەد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی بەردەوامە لە دابینكردنی دۆلار بۆ بانكەكان و، گەشتیاران بە بڕی سێ هەزار هەزار دۆلار لە مانگێكدا.
رۆژنامەی سەباح لە زاری خەڵەف وتیشی، “كەناڵی دیكەیش هەیە بۆ هاوڵاتییان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار لەڕێی كارتی ئەلیكترۆنی، كە هاوڵاتی دەتوانێت دەستی بكەوێت بە بوونی مەرجەكانی پێدانی دۆلار”.
باسی لەوەشكرد، عێراق توانای دابینكردنی دراوی بیانی هەیە بۆ هەر كەسێك یان كۆمپانیایەك لەناو وڵاتدا، بەهۆی ئەوەی خاوەن یەدەگێكی گەورەی دراوی بیانییە كە لە سەروو 100 ملیار دۆلارەوەیە.
بەرپرسەكەی بانكی ناوەندی جیاوازیی نرخی لەنێوان رەسمی و بازاڕەكانیشدا گەڕاندەوە بۆ دەڵاڵەكانی ئاڵوگۆری دراو و داواكاریی پارەداركردن بۆ مامەڵە نایاساییەكان و دووپاتیشیكردەوە، هەوڵی جددی دەدەن بۆ كەمكردنەوەی ئەو جیاوازییە.
ئەو وتانەی بەرپرسەكە لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە جارێكی دیكە نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا دابەزینی دیكەی بەخۆیەوە بینیوە و دوای دابەزینی بۆ خوار 150 هەزار دینار بۆ هەر سەد دۆلارێك، دوێنێ گەیشتە نزیكەی 148 هەزار دینار و ئەمڕۆ بە نزیكەی ئەو نرخە مامەڵەی پێوەدەكرێت.