ئاوات جەناب نوری: پرۆژەی (هەژماری من) لە بەرژەوەندیی مووچەخۆران و هاوڵاتیاندایە

ئاوات شێخ جەناب

وەزیری دارایی هەرێم پاڵپشتی بۆ پرۆژەی (هەژماری من) رادەگەیەنێت و بڵاوكراوەی هەندێك لە میدیاكانیش بە چەواشەكاری ناودەبات.

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم رایگەیاند، پرۆژەی (هەژماری من) بەتەواوی لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران، مووچەخۆران و هاوڵاتیاندایە.

وتیشی، “ئەو چەواشەکارییانەی لەلایەن هەندێک لایەن و میدیای نابەرپرسەوە دژی پرۆژەکە دەکرێت، ناتوانێت لە گرنگی و بایەخی پرۆژەکە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی بانکی دیجیتاڵی و پێشکەوتوو کەمبکاتەوە”.

ئەو وتانەی ئاوات جەناب نوری ئەمڕۆ لەمیانەی پێشوازیكردنیدا بوو لە تیمی سەرپەرشتیی پرۆژەكە.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی لە كۆبوونەوەكەدا ئاشكراكرا كە تائێستا نزیكەی 210 هەزار فەرمانبەر لە پارێزگای هەولێر هەژماریان بۆ كراوەتەوە و نزیكەی 80 هەزاریش كارتی بانكییان وەرگرتووەتەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا تیشک خرایەسەر دوایین ئامادەکارییەکانی پرۆژەکە لە پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆک کە لەئێستادا تیمەکان سەرقاڵی وەرگرتنی داتا و فۆڕمی فەرمانبەرانن و بەم نزیکانە دەست بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران دەکرێت و، دواتریش خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دێنە ناو پرۆژەکەوە، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

فەرەنسا تێکشکاندنی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دەریای سوور رادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

زۆرترین بڕی باران لەکام شوێنی هەرێم باریوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share