بە گوێرەی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی عێراق و کەشناسی هەرێمی کوردستان، شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە لە سبەی چوارشەممەوە و تا رۆژی شەممە کاریگەرییەکەی درێژببێتەوە.
دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت، “سبەی چوارشەممە پلەی گەرمی دادەبەزێت و بارانبارین دەستپێدەکات، رۆژی پێنجشەممە کاریگەری شەپۆلەکە زیاد دەبێت و لە رۆژی هەینی و شەممەشدا بەردەوامی دەبێت.”
کەشناسی و بوومەلەرزەزانى هەرێم بڵاویکردەوە، بارانبارین لە سبەی دوای نیوەڕۆوە دەست پێدەکات و پێنجشەممە بارانى مامناوەند و لێزمەباران دەبێت و ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو هەیە و پێشبینى دەکرێت ئاستی باران زیاتر لە 30 ملم لە سەنتەرى پارێزگاکان و ناوچە شاخاوییەکان لە سەرووى 45 ملم بێت.
هاوکات، دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین دەکرێت کە ئاستی بارانبارین لە جارەکانی دیکەی ئەمساڵ زیاتر دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەری شەپۆلەکە رۆژی شەممە کۆتایی پێ دێت و لە رۆژی شەممەدا ئەگەری بەفربارین هەیە لەناوچە شاخاوییە سنورییەکان و گوند و ناحییەکانی نزیکیان، بەڵام پێشبینی بارانبارین لەناو پارێزگاکانی هەرێم ناکرێت.
جەختیشیکردەوە، وەزارەت راپۆرتی کەشوهەوای داوە و لە هەر کاتێک پێویست بکات ئەوە ئاگادارکردنەوە و هۆشداری پێویست بڵاودەکەنەوە.