یەكێتی و گۆڕان: شایستەی دارایی هەرێم تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان نەکرێت

یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی كۆبوونەوە و رایدەگەیەنن، پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکاربن بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێم تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان نەکرێت.

ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی و مستەفا سەید قادر لە سلێمانی كۆبوونەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ یەکخستن و لێکنزیککردنەوەی بۆچوون و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابورییەکانی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی بەستنی کۆنفراسی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. دواتر پاش تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکەوەکارکردنی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەکان.

لە تەوەرێکی دیکەدا قسە لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە هەڵبژاردن بکرێت، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا و هەردوولا هاوڕابوون پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکاربن بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێم تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان نەکرێت و لەگەڵ بەغداد بگەنە رێککەوتنێکی ریشەیی و مافی موچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت.

هەروەها بڕیاردرا هەماهەنگی زیاتر بکرێت بۆ ئیدارەدانی باشتر و بە شێوازێک کە خزمەتی باشتری هاوڵاتیان بکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانتارێك: حكومەتی هەرێم سكاڵا تۆماربكات بەغداد پابەند دەكرێت بە ناردنی 200 ملیار دینارەكە

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر حكومەتی هەرێم سكاڵا لەسەر حكومەتی عێراق تۆماربكات دادگای فیدراڵی…
Total
0
Share