سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لەبارەی هێرشەكەی سەر شاری قائیم راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە و دەڵێت، “پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەریی خاكی عێراقە”.
لە راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقدا هاتووە، ئەو دەستدرێژییەی كرایە سەر شاری قائیم لە پارێزگای ئەنبار و ناوچە سنوورییەكانی دیكەی عێراق لە رۆژئاوای وڵات لەلایەن ئەمریكاوە كە لە ئەنجامردا ژمارەیەك هاوڵاتی شەهید و برینداربوون و پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەریی خاكی عێراقە و سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە جارێك حكومەتی عێراق ئەو جۆرە كارانەی رەتكردووەتەوە، ئەم هێرشانەش كاریگەرییان دەبێت لەسەر هەڵكشانی گرژییەكان و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە بە گشتی دەكات.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، عێراق خواستێكی روونی دەربڕی بۆ رێكخستنی كارەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رێگای گفتوگۆوە، بەڵام هێرشەكانی دوێنێ دەبنەهۆی تێكدانی هەلی سەركەوتنی دانوستانەكان، چونكە توندوتیژی تەنها توندوتیژی و قەیرانی لێدەكەوێتەوە.
سەرۆكایەتیی كۆمار داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات بەرپرسیارێتیی نیشتمانی خۆیان لە بەرامبەر ئەو هەرەشە و مەترسییانە لەئەستۆبگرن، كە ماوەی چەند مانگێكە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت و درێژەكێشانیان رەنگە ئاسایش و سەقامگیری تێكبدات و ژیان و سەلامەتی هاوڵاتییان بخاتە مەترسییەوە.
هەر لە راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی كۆماردا هاتووە، جەخت لەسەر گرنگی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی بەپەلەی سەرۆكایەتییەكان و كوتلە سیاسییەكان دەكەینەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەم پێشهاتانە و لێكەوتەكانی و گرتنەبەری هەڵوێستی روون و یەكگرتوو كە كەرامەت و سەروەریی وڵات و ئاسایشی هاوڵاتییان بپارێزێت.