مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

لە بیرەوەری 20 ساڵەی كارەساتی یەكی شوباتدا، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، “كارەساتی 1ی شوبات كۆستێكی گەورە بوو بۆ میللەتەكەمان، هاوكات پەیام و راچڵەكینێكی مێژووییش بوو بۆ بزوتنەوەی سیاسیی كوردستان.

دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە بیرەوەری بیست ساڵەی كارەساتی یەكی شوباتدا

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

هاوڵاتیيانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت

بیست ساڵ لەمەوپێش، لەبەرە بەیانی جەژنی قوربانی ساڵی 2004 دا، بۆنەی جەژن و گەردەن ئازادی گەلی كوردستان خەڵتانی خوێن و فرمێسك كرا

كارەساتی 1ی شوبات كە زیاتر لەسەد و پێنج شەهید و برینداری لێكەوتەوە لە سەركردە و ئەندامانی یەكێتی و پارتی و هاوڵاتییانی هەولێری خۆشەویست، زیان و كۆستێكی گەورە بوو، لە هەمانكاتدا پەیام و راچڵەكینێكی مێژووییش بوو بۆ بزوتنەوەی سیاسیی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی كە دوژمنانی گەلەكەمان بێجیاوازی بارەگای مەڵبەند و لق، بێجیاكاری لە نێوان یەكێتی و پارتی و رەنگەكانمان، وەك یەك نەتەوە و یەك چارەنووس دەمانكەنە ئامانجی لەناوبردن و جینۆساید، بۆیە بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتێكی وەها جگە لە ئاگایی و چاوكراوەیی زیاتری ئەمنی، پێویستی بە یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی بەردەوامی هەموو لایەكمانە، بەتایبەتی لە ئەمڕۆدا كە هەڕەشەی هەمەجۆری سەر ئەزموونەكەمان لێمان دەخوازێت پێكەوە تەگبیری هاوبەش و دەستپێشخەری بونیادنەرانە بگرینەبەر و هەڕەشەكان بكەینە دەرفەتێكی گونجاوتر بۆ داهاتوومان.

جارێكی تر لەم یادەدا سەری رێز و نەوازش و وەفاداری بۆ شەهیدانی سەركردە و تێكۆشەران و هاوڵاتییانی كە بۆ پیرۆزبایی و گەردەن ئازادی جەژن ھاتبوون و گشت شەهیدانی رێگای رزگاری و سەرفرازی گەلەكەمان، دادەنەوێنین.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

گەشتەکانی کۆمپانیای فلای بەغداد دەستپێدەکەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share