وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، لەسەر ناوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە لەگەڵ عێراق رێککەوتین.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە دکتۆر تۆرکیلد بیوگ بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد.
ئاماژە بەوەش دەکات، لەسەرەتای دیدارەکە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا هاوخەمی خۆی بۆ رووداوی بۆردومانەکانی شاری هەولێر دەربڕی و هیوای خواست دووبارە نەبنەوە، وەزیری دارایی رایگەیاند بۆردومانەکان درێژکراوەی ئەو فشارە ئابووری و سیاسی و ئەمنیانەیە کە ماوەی چەند ساڵیکە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیاندراوەکە، لەتەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر دواین پەرەسەندنەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، وەزیری دارایی رایگەیاند لەدواین سەردانیان بۆ بەغداد لەسەر ناوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتونەتە رێککەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران هەموارەکە پەسەند بکات و هیواشی خواست لەپەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگی لەسەر بدرێت.
دەربارەی دۆسیەی نەوت وەزیری دارایی ئاماژە بەوە دەکات، لێکتێگەیشتنی باش لەسەر تێچووی دەرهێنانی نەوت لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هاتۆتە ئاراوەو ئومێد دەکەن لەئایندەیەکی نزیکدا لەسەر دۆسیەی نەوت بەتەواوی بگەنە رێککەوتن.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، هەست بەو فشارو کاریگەرییانە دەکەن کەلەسەر ئابووری هەرێم و مووچەخۆران هەن و هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر.