ماوەی 48 کاتژمێرە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەشەوە ئاستی ئاوی بەنداوەكانی دوکان و دەربەندیخان بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانیان بەسەرداهاتووە.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا 27 ملیم باران باریوە، لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 135 ملیم بارانباریوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو لە هەمان کاتدا 141 ملیم بارانباریوە.
هاوکات لەبارەی کاریگەری ئەم شەپۆلی بارانبارینە لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوەکان حسێن ساڵح، بەڕێوەبەری بەشی هایدرۆلیکی بەنداوی دەربەندیخان ئاشکرایکرد، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا 56 ملیم باران لە سنووری دەربەندیخان باریوە، کۆی باران 243 ملیم-ە، بەنداوەکە یەک ملیار و 298 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، لەکاتێکدا توانای بەنداوەکە بۆ گلدانەوەی ئاو دوو ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجایە.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکانیش بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا باسی لەوەکرد، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا 24 ملیم باران لە سنوورەکەیان باریوە، بەنداوەکە هەشت سانتیممەتر ئاوەکەی زیادیکردووە و، لەئێستادا 20%ی بەنداوەکە ئاوی تێدایە.