سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، دەمەوێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەبێ ئاستەنگ رەوانەبكرێت و ناتوانین مووچەی مووچەخۆران دوابخەین و دەشڵێت، “دەبێت هەرێمی كوردستان داهاتی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان بنێرێتە بەغداد و رەشنووسێك بۆ هەمواری یاسای بودجە ئامادەكراوە”.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، دوای بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس هەرێمی كوردستان داهاتی نەوتی لەدەستدا و وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی رەهام نییە بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان و ناچاربووم پارە بە شێوەی قەرز بۆ مووچە بدەمە هەرێمی كوردستان لە هەمانكاتدا دەمانەوێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق بدرێت و بۆ ئەوەش رەشنووسێك ئامادەكراوە كە یاسای بودجە هەمواربكرێتەوە.
راشیگەیاند، دەبێت هەرێمی كوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتییەكانی بنێرێتە بەغداد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان كێشەی بۆ دروستكردووین و كێشەمان لەگەڵ دەروازە سنوورییەكان و لێكدانەوەی یاسای بودجە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە.