بانكی ناوەندیی عێراق و بانكی یەكەمی ئەبوزەبی رێككەوتن لەسەر دەستكردن بە ئاڵوگۆڕی دراو و پارەداركردنی بازرگانیی دەرەكیی نێوان عێراق و ئیمارات بە دراوی “درهەم”، قۆناغی یەكەمی رێككەوتنەكە لەڕێی پێنج بانكی عێراقییەوە ئەنجامدەدرێت و دواتر زیاددەكرێت.
رێككەوتنەكە دوای كۆبوونەوەی نیوان عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لە دوبەی لەگەڵ هەناس رستمانی، سەرۆكی كۆمەڵەی بانكی یەكەمی ئەبوزەبی واژووكرا.
رێككەوتنەكەش لە ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی كانونی یەكەمەوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە و، قۆناغی یەكەم لەگەڵ پێنج بانكی عێراقیدا دەبێت و دواتریش ژمارەكەیان زیاددەكرێت.
بانكی ناوەندی دەڵێت، هەنگاوەكە بۆ بەهێزكردنی كاری بانكە عیراقییەكانە بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ بانكە جیهانییە متمانەپێكراوەكان و هەنگاونان بەرەو كەمكردنەوەی پشتبەستن بە پەنجەرەی ئەلیكترۆنیی ئاڵوگۆڕە داراییەكان.
ئەوەشی روونكردەوە، بانكی یەكەمی ئەبوزەبی ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی پارەداركردنی پرۆژەكانی وزەی خاوێن لە عێراق دەربڕیوە.
بانكی یەكەمی ئەبوزەبی لە گەورە و بەهێزترین دامەزراوە داراییەكانە لەسەر ئاستی جیهان و، خاوەن ریزبەندیی -AA یە، كۆی سامانەكەی دەگاتە نزیكەی 300 ملیار دۆلاری ئەمریكی.