نەوت فرۆشێک: نەوتەکەی حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە نرخی نەوتی بازرگانیی هەرزان بکات

ئێستا لە هەرێمی کوردستان نرخی بەرمیلێک نەوتی بازرگانی 165 هەزار دینارە، بە بڕوای نەوت فرۆشێک حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە بە دابەشکردنی نەوت نرخی نەوتە بازرگانییەکە کەم بکاتەوە.

گەیلان ساڵح، نەوت فرۆش لە شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخی نەوتی بازرگانی دابەزیوە، بەڵام حکومەت نەیتوانیوە بە دابەشکردنی نەوت نرخەکەی زیاتر داببەزێنێت، چونکە بە نرخێک دەیدات بە هاوڵاتییان کە لەگەڵ نەوتی بازرگانیی جیاوازیییەکی زۆری نییە.

پەیوەست بە نرخی ئێستای نەوتی بازرگانی گەیلان ساڵح وتی، ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت 165 هەزار دینارە، حکومەتیش بەرمیلێک نەوت بە 103 هەزار و 500 دینار دەدات بە هاوڵاتییان، ئەگەر نەوت لە بەغدادەوە بێت نرخی نەوتە بازرگانییەکە زیاتر دادەبەزێت.

ئاماژەی بە ئەوەش کرد، ئەمساڵ بەرزترین رێژەی نرخی  بەرمیلێک نەوت 170 هەزار دینار بوو، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو هەتا 300 هەزار دینار رۆشت.

لە هەرێمی کوردستان، ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە دابەشکردنی نەوت بەردەوامە کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی سپی بڕی 103 هەزار و 500 دینار لە هەر ماڵێک وەردەگرێت، ئەوەش بە بڕوای هاوڵاتییان نرخێکی بەرزە و بەشێکیان ئامادەنین وەریبگرن.

بڕیار بوو، نەوتی سپی لەلایەن بەغدادەوە بنێردرێت و هەر بەرمیلێک بە 50 هەزار دینار بە هاوڵاتییان بدرێت، بەڵام تاکو ئێستا نەهاتووە و روون نییە کەی د‌ێت.

بابەتی پێشتر

شەقامێکی هەولێر دادەخرێت

بابەتی دواتر

تۆمەتبارێك بە كوشتن دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share