وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، وەفدەکەمان لە بەغداد داوای ئەوەی نەکردووە مووچە نەنێردرێت و ئەو هەواڵە ڕاست نییە.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بەشێک لە میدیاکان و پەیج و سۆشیال میدیاوە، هەڵمەتێکی چەواشەکارانە و دەربڕینی ناڕاست بۆ دوایین سەردانی وەفدی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد دەکەن و هەندێکیان دەڵێن وەفدەکە داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەو هەڵمەتی درۆ و ڕیاکارییە ڕایدەگەیەنین، هەر کەس و لایەن و میدیا و پەیجێک، باسی ئەوەی کردبێت کە گوایە وەفدی هەرێم داوای نەناردنی مووچەی کردبێت، ڕاست ناکات و درۆیەکە و وەفدی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە مووچەی بەدەرکردووە لە هەموو کێشە و بابەتێکی سیاسی و تەکنیکی و هتد.. بۆیە ئەو قسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی دوایین سەردانی وەفدی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد، پەیوەست بووە بە چەند پرسێکەوە، لەوانە:
– کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا.
– کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.
– کێشەکانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەم و پرسی کوالێتیی کۆنترۆڵ.
دەشڵێت، هەرچی پەیوەستە بە بابەتی داهاتی نانەوتی، لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا وەفدی هەرێم لەگەڵ بەڕێز وەزیری دارایی عێراق لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆیان کردووە و وەفدەکە داوایکردووە بەپێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی، مامەڵە لەگەڵ داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بکرێت، واتە لە 50%ـی داهاتە نانەوتییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
وەزارەتی دارایی باس لەوەشدەکات، “بەوپێیەی کە هەمیشە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنابێتەوە، بە شێوەیەکی ئاساییش، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بەپێی یاسا دەکەوێتە 10 ڕۆژی مانگی دواترەوە، کە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنەبێتەوە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش دەرنەچێت، داهات و خەرجیی مانگانە بەردەست نابێت، چۆن دەکرێت بەو بیانووە مووچە ڕابگیرێت و دوابخرێت”.