بافڵ تاڵەبانی: ئەولەوییەتمان موچەی خەڵکە و هەوڵی زیاتر دەدەین بۆ مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکان

بە بۆنەی هاتنی ساڵی تازەوە، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە.

لە پەیامەكەیدا هاوسەرۆكی یەكێتی، دڵنیایی دەدات كە كاری لەپێشینەیان دەستەبەركردنی موچە و ماف و شایستە داراییەكانی هاوڵاتییان دەبێت و ڕایگەیاندووە، “قەیرانی ئابووری کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دژوارتر بوو، هەرێمی کوردستانی بە دۆخێکی زۆر سەختدا برد. ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری و تەندروستی و ئەمنی خەڵکی کوردستان. هەر بۆیە ئەولەوییەتمان موچەی خەڵکە. بۆ ئەمەش هەوڵەکانمان زیاتر دەکەین لە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بۆ مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکان.”

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا جەختدەكاتەوە كە هەوڵی زیاتر دەدەن لەپێناو دەستەبەركردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی و دەڵێت، “دەمەوێت هەموو لایەک دڵنیابکەمەوە لە هەوڵەکانمان بەردەوامدەبین لەپێناو کوردستانێکی ئارام و خۆشگوزەران.”

دەقی پەیامەكە:-

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

بەبۆنەی هاتنی ساڵی تازەوە پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەکەم و هیوادارم ساڵی ٢٠٢١ ببێتە مایەی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو لایەك.

قەیرانی ئابووری کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دژوارتر بوو، هەرێمی کوردستانی بە دۆخێکی زۆر سەختدا برد. ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری و تەندروستی و ئەمنی خەڵکی کوردستان. هەر بۆیە ئەولەوییەتمان موچەی خەڵکە. بۆ ئەمەش هەوڵەکانمان زیاتر دەکەین لە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بۆ مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکان.

دەمەوێت هەموو لایەک دڵنیابکەمەوە لە هەوڵەکانمان بەردەوامدەبین لەپێناو کوردستانێکی ئارام و خۆشگوزەران، بۆ ئەمەش دەبێت سەرجەم لایەنەکان و ئاینەکان یەکدەنگ و هاوکاربن و پێکەوە لە ساڵی نوێدا کوردستان ببەینە قۆناغێکی تازەوە و هاوڵاتییانمان ژیانێکی شایستەیان هەبێت. بە هەماهەنگی و هاوکاری هەموو حیزب و لایەنەکان كوردستانمان دەپارێزین.

لەم بۆنەیەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی سەرجەم کارمەندە ماندوونەناسەکانی کەرتی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان بکەم کە ساڵێکی پڕ لە شەونخونی و ماندووبوونیان بەڕێکرد، لەپێناو پاراستن و سەلامەتی ئێمەدا. ساڵی نوێتان پیرۆزبێت و سوپاسی ماندووبوونتان دەکەین.

بافڵ تاڵەبانی

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی پێشتر

كازمی پەیامێك بە زمانی كوردی بڵاودەكاتەوە

بابەتی دواتر

ئێران: ترەمپ دەكوژین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانتارێك: لەسەر دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەكەین

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر نەكرێت وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەكەین…
Total
0
Share