شەپۆلێكی بەفر و باران روو لە هەرێم دەكات

کەشناسیی هەرێم هۆشداریدەدات لە هاتنی شەپۆلێکى بەهێزى باران بارین لە ناوچە جیاجیاكان و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەكان.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، لە ئەنجامی کاریگەریى نزمە پاڵەپەستۆى دەریای سپى ناوەراست لەسەر هەرێمى کوردستان، پێشبینى دەکرێت رۆژى یەکشەممە باران بارین لەسەر تەواوى ناوچەکەمان بەشێوەى مامناوەند دەستپێبکات، لە کاتەکانی شەوى یەکشەممە لەسەر دووشەممە کاریگەرییەكەی قوڵتر دەبێتەوە و رێژەى دابارینەکە زیاد دەکات، هەندێك جار هەورە تریشقەى لەگەڵدا دەبێت.

شەپۆلەكە سەرەتا لە سنوورى پارێزگاى دهۆک دەستپێدەکات، پاشان کاریگەرییەکەى درێژدەبێتەوە بۆ سنوورى پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و تەواوى ناوچەکانى هەرێم.

كەشناسیی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لە بەرەبەیانى رۆژى دووشەممە لەگەڵ بەهێزبوون و چالاکبوونى کاریگەریى ئەم شەپۆلە، باران بارین بەشێوەى لێزمە باران دەبێت، ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستی ئاو هەیە لە هەندێك ناوچەى وەک، (ئامێدى، چمانکێ، شێلادزێ، سەنتەرى پارێزگاى هەولێر، بەحرکە، خەبات، هیران، قوشتەپە، چەمچەماڵ، دەربەندیخان و مەیدان).

روونیشیكردەوە، لە پاشنیوەڕۆى هەمان رۆژ باران بارین مام ناوەند دەبێت و، بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت و پلەکانى گەرما بەشێوەیەکى بەرچاو دادەبەزن کە لەنێوان (5 – 8) پلەى سیلیزى دەبن.

بەپێی پێشبینییەكان کاریگەریى ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە تا ئێوارەى رۆژى سێشەممە بەردەوام دەبێت و باران بەشێوەى پچڕ پچڕ دەبێت.

بابەتی پێشتر

چەند نەشتەرگەرییەكی دەگمەن لە سلێمانی ئەنجامدەدرێن

بابەتی دواتر

پێنجەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب بەڕێوەدەچێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share