لەلایەن تیمێكی پزیشكانەوە چەند نەشتەرگەرییەكی دەگمەنی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی ئەنجامدەدرێن.
نەشتەرگەرییەكان لە هەفتەی رابردووەوە لە نەخۆشخانەی ئیمیرجێنسی دەستیپێكردووە و ئەمڕۆ كۆتا رۆژی بەڕێوەدەچێت. كارەكان لەژێر سەرپەرشتی پزیشكێكی بەریتانی و تیمێكی پزیشكانی سلێمانی ئەنجامدەدرێن و تایبەت دەبێت بەو كەسانەی نەخۆشیی زگماكی لاریی لێو و مەڵاشو-یان هەیە.
دكتۆر شاخەوان سائیب، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە و یەكێك لە ئەندامانی تیمەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، چارەسەرییەكە لە ساڵی 2021ەوە بەڕێگایەكی نوێ و تازەگەڕی ئەنجامدەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش تیمێكیان دروستكردووە كە پسپۆرییە جیاوازەكانی (قورك و لوت و گوێ، مناڵان، شەویلگە و روو، جوانكاری، قسەكردن و دەروونی) لەخۆدەگرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، تیمەكە یەكەم تیمی لەو جۆرەیە لە هەموو عێراقدا كە ئەو هەموو پسپۆرییە كۆبكاتەوە، كە لە نەخۆشخانەكەیان بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان كارەكانیان ئەنجامدەدەن.
پسپۆڕە بەریتانییەكە كە دانەری كتێبێكە لەو بوارەدا، لەماوەی مانەوەیدا لە سلێمانی هەم چەند نەشتەرگەرییەك ئەنجامدەدات، هەم پزیشكانی سلێمانیش فێردەكات، دكتۆر شاخەوان وای وت.
روونیشیكردەوە، ئەو گرفتە زگماكییەی دروستنەبوون لە لێو و مەڵاشوو روودەدات، لەڕێی نەشتەرگەرییەكەوە دادەخرێت، پێشتر لەگەڵ ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا كێشە لە مەڵاشوودا دروستدەبوو، بەڵام دەتوانرێت لەڕێی نەشتەرگەرییەكەوە ماسولكەی مەڵاشوو جوڵە بكات بۆ ئەوەی كێشەی پیتەكان دروستنەبێت.
دەربارەی هۆكاری ئەو گرفتە تەندروستییەش، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی ئاماژەی بەوەدا، نەخۆشییەكە هۆكارێكی هەیە نەزانراوە، بەڵام بۆماوەیی و بەكارهێنانی دەرمان لەكاتی سكپڕیدا رۆڵیان لە دروستبوونیدا هەیە.
ئاشكراشیكرد، هەر نەشتەرگەرییەك ئەگەر لە دەرەوەی نەخۆشخانە حكومییەكان ئەنجامبدرێت لەنێوان سێ بۆ چوار هەزار دۆلاری تێدەچێت، لە وڵاتانی دەرەوەش لەنێوان 10 بۆ 20 هەزاری دۆلار تێچوویەتی، بەڵام لێرە بێبەرامبەر ئەنجامدەدرێت.