پەرلەمانتارێك: كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران ڕەتدەكەینەوە

پەرلەمانتارێكی لیژنەی یاسایی دەڵێت، گۆڕانكاری گەورە بەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا دێت و دەشڵێت، كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران ڕەتدەكەینەوە.

حەسەن فدعەم، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی كانونی یەكەم وتی، پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 سەرەتا لە لیژنەی دارایی تاوتوێدەكرێت و دواتر دەخرێتە بەردەم ئەنجومەن. وتیشی، “گۆڕانكاری گەورە بەسەر بودجەدا دێت، بەهۆی ئەوەی دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەرانی تیایە”.

حەسەن فدعەم ئاماژەی بەوەشكرد كە “ڕێگاكانی گەشەپێدانی ئابوری بە بڕینی موچەی فەرمانبەران نابێت، چونكە بەهەدەردانێكی زۆری داهات و گەندەڵی لە وەزارەتەكاندا هەیە”.

ئەوەشی ڕوونكردەوە، پەرلەمان پشتیوانی بڕینی موچە و دەرماڵەی پلە باڵاكان لە وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، بەڵام بەهیچ جۆرێك پشتیوانی بڕینی موچەی فەرمانبەران لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا ناكات.

دوێنێ پرۆژەكە گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەران و بەپێی وتەی بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندكردنی ماوەی نێوان 20 تا 30 ڕۆژ دەخایەنێت.

لە پرۆژەكەدا پشكی هەرێمی كوردستان بە (13904012452000) دینار دیاریكراوە.

بەڵام ئەمڕۆ مەنسور بەعیجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، “ئەگەر هەرێم سەرجەم داهاتەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق نەکات تەنها یەک دیناریشی بۆ ڕەوانە ناکرێت، هەروەکچۆن لە یاسای قەرزدا پەرلەمان دەنگی لەسەردا و تێیدا هاتووە دەبێت هەرێم پێشوەخت داهاتەکەی ڕادەستبکات، دواتر شایستەکانی بۆ ڕەوانە دەکرێت هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە”.

بەعیجی لە ڕاگەیەنراوێكدا باسی لەوەشكردووە، “پێویستە گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان ئەوە بزانن کە ئەوەی موچەکانیان دەبڕێت حکومەتەکەی خۆیانە، چونکە پابەند نابێت بە یاسا و دەستوور و داهاتەکان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی ناکات، بەپێچەوانەوە حکومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و داهاتەکەی وەردەگرێتەوە، داهاتی گومرگەکان و فڕۆکەخانەکان وەردەگرێت و کەسیش نازانێ بۆ کوێ دەڕوات”.

ئاشکراشیکرد، “هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغداد بەشێوەیەکی کۆتایی نەکراوە بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بە مەرجەکانی حکومەتی ناوەند، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی بەرپرسیارێتییە دەستورییەکانی بەرامبەر گەلەکەی هەڵبگرێت”.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار لە جیهان دادەبەزێت و لە عێراق بەرز دەبێتەوە

بابەتی دواتر

لەگەڵ گەیشتنی ئەندامانی حکومەتی نوێی یەمەن سێ تەقینەوە لە فڕۆکەخانەی عەدەن ڕویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share