چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی: تاوانەکان بەراورد بە ساڵی پار کەمیان کردووە

بەڕێوبەری چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی کانونی یەکەم  ئاماری ساڵی 2020ی ڕاگیراو، دانراو و سزادراوانی بەڕێوبەرایەتییەکەیانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ژمارەی تاوانەکان بەراورد بە 2019 کەمیان کردووە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا فوئاد جەزا، بەڕێوبەری چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی ڕایگەیاند، “کۆی ژمارەی ئەو نەوجەوانانەی ڕەوانەی بەڕێوبەرایەتییەکەیان کراوە لە ساڵی 2020دا ژمارەیان 345 ڕاگیراو، دانراو و سزادراو بوون، لەکاتێکدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2019دا 597 کەس بوون و بەڕێژەی %43 زیاتر بووە”.

بەپێی ئامارەکە، “لەو ژمارە ڕاگیراو، دانراو و سزادراوانە 301 کەسیان لە ڕەگەزی نێر بوون و 44 کەسیان لە ڕەگەزی مێ”.

ئاماژە بەوەشکراوە، “271 لەوانەی ڕەگەزی نێرن بە ڕاگیراوی هاتوونەتە بڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی ژنان و منداڵان، 30 نەوجەوانیش بە سزادراوی هاتوونەتە لامان، هەروەها 23 ڕاگیراویان لە ڕەگەزی مێ بوون و بە ڕاگیراوی هاتوون و 21 کەسیشیان بە سزادراوی”.

بەپێی ئامارەکە، “لەوانە 105 کەسیان بە تۆمەتی دزی، 73 بەتۆمەتی شەڕکردن، 19 کەس بە تۆمەتی کوشتن، 17 کەس بە تۆمەتی سەرپێچی هاتوچۆ و 80 کەسیش بە تۆمەتی جۆراوجۆری دیکە راگیراون”.

بەڕێوبەری چاکسازیی ژنان و منداڵان ڕاشیگەیاند، “کۆی سزادراوەکان 51 کەس بوون، لەوانە 12 کەسیان بە تاوانی کوشتن، 10 کەس بە تاوانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، حەوت کەس بە تۆمەتی دزی و 22 کەس بە تاوانی جۆراوجۆر”.

ئاشکرایکرد، لەماوەی ئەمساڵدا 58 کەیسیان ڕەوانەی دادگاکان کردووە بۆ دادگاییکردن و 539 کەسیشیان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کردووە بۆ چارەسەر، 295 کەسیش ئازادکراون بە بارمتە (کەفالەت)، یان بە مەرج یانیش بە شێوەی ڕەها ئازادکراون”.

ئەوانەی ڕەوانەی بەڕێوبەرایەتیی چاکسازی کراون لە ڕووی نەتەوەوە، 315 کەسیان کوردی هەرێمی کوردستان بوون، 21 کەسیان عەرەبی عێراقی بوون، چوار کەسیشیان ئێرانی بوون، سیانیان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بوون و یەک ئەفریقی و یەک تورکمانیشیان تێدابووە، بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی ژنان و منداڵان.

بابەتی پێشتر

..بۆچی لەم وەرزەدا 20 خاڵیان لەدەستداوە؟ بەرشلۆنە لەسەر هەڵەکانی بەردەوامە

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار لە جیهان دادەبەزێت و لە عێراق بەرز دەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share