بانكی ناوەندی عێراق بڕیارێكی نوێی لەبارەی دراوە بیانییەكانەوە دەركرد كە تایبەتە بە هێنانی پارەی كاشی بیانی لە دەرەوەی وڵاتەوە بە چەند مەرجێك.
بەپێی نووسراوێكی بانكی ناوەندیی عێراق كە ئەمڕۆ دەركراوە و ئاراستەی بانكە مۆڵەتپێدراوەكان كراوە و تێیدا هاتووە، لەپێناو دابینكردنی نەختینەی پێویست، بڕیاردراوە بە ڕێگەدان بە هێنانی دراوی بیانی لە دەرەوەی وڵاتەوە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، دەبێت ئەو پارەیەی دەهێنرێتە عێراقەوە لەپێناو دابینكردنی خواست و پێویستی كڕیارەكان بێت و داواكارییەكە پێشكەش بە بانكی ناوەندیی عێراق بكرێت و ئەو بڕە پارەیەش تۆماربكرێت كە دەهێندرێت.
بانكی ناوەندیی عێراق لە نووسراوەكەشیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، دەبێت ئەو كۆمپانیایە ناوەكەی تۆماربكرێت كە پارەی كاش دەهێنێتە عێراقەوە.