ئەندامێکی ئەمجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “بە مەبەستی سۆراغی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، وەفدێک سەردانی ئێران دەکات”.
چرۆ حەمە شەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، سەبارەت بە کەیسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە رۆژی 17ی تشرینی یەکەمی 2023 نووسراوێکمان ئاراستەی وەزیری دەرەوەی عێراق و بریکارەکەی کرد.
باسی لەوەشکرد، پەیوەست بەو بابەتە دوێنێ یەکەم کۆبوونەوەمان بە ئامادەبوونی (نوێنەری وەزیری شەهیدانی هەرێم، نوێنەری وەزارەتی داد، تەندروستی، باڵیۆزی ئێران، کونسوڵی عێراق لە ئێران، پزیشکی داد و کۆمەڵێک دادوەر) ئەنجامدا و بڕیارە ئەمڕۆش کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامبدەین.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، “داوامکرد ئەو کۆبوونەوەیە ببرێتە پەرلەمانی ئێران یان لەڕێگەی مینبەرەکانی ئەو وڵاتەوە سۆراغی منداڵە منداڵە ونبووەکان بکەین بەو پێیەی وڵاتێکی ئیسلامییە و لایەنی ئایینی تیایدا باڵادەستە”.
چرۆ حەمە شەریف، ئاشکرایکرد، “بۆ ئەو مەبەستە پێش 16ی ئازار وەفدێک بە نوێنەرایەتیی بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ وەزیری شەهیدان و منیش وەک پەرلەمانتار و داواکاری بابەتەکە دەچێتە وڵاتی ئێران و هیوادارین هەواڵی دڵخۆشکەر بدەین بەو دایکانەی ماوەی چەندین ساڵە چاوەڕوانی منداڵەکانیان دەکەن”.