كرێی خوێندن كەمكرایەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت، كرێی خوێندن لە پەیمانگە تایبەتەكانی كوردستان بە رێژەی 20% كەمكرایەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەمە د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی بـاڵا و توێژینـەوەی زانسـتی لەگەڵ ڕاگـری پەیمانگـە تایبەتەكانی هـەرێمی كـوردستـان كـۆبـووەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بۆ ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بە رێژەی 10% تا 20 % كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان داشكێنرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زانكۆ تایبەتەكان لە رێگەی پڕۆگرامی جیاوازەوە هاوكاریی زیاتری خوێندكارانی سەركەوتوو بكەن و نەهێڵن كرێی خوێندن ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەدیهێنانی خەون و ئاواتەكانیان.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵا وتی، “پڕۆسەی خوێندن دەبێت ڕەنگدانەوەی پێداویستییەكانی بازاڕ و ئاراستەی گەشەكردنی ئابوریی كوردستان بێت، بۆیە دەبێت پەیمانگە تایبەتەكان باشتر هەوڵبدەن ناوەڕۆكی پڕۆگرامەكانی خوێندنیان بە پێداویستییەكانی بازاڕی كار ببەستنەوە و باشتر دەرچووان ئامادەبكەن بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كێبڕكێی بەدەستهێنانی هەلی كار بكەن، بۆیە پلانمان ئەوەیە زیاتر زانكۆكانمان لەگەڵ پێداویستییەكانی بازاڕی كار كارلێك بكەن و بەردەوام ڕووپێویی ئەو كارامەییانە بكەن كە بۆ بازاڕی كار پێویستن، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر سوود لە دەستی كاری ناوخۆیی وەربگرین و لە هەموو بوارەكانی كەرتی ئابوری و پیشەسازی جێگایان بكەینەوە.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار زیاتر بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكەكەمان كاری لە پێشینەمانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share