قائیمقامییەتی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 29ی کانونی یەکەم ئاماری کار و چالاکییەکانی لیژنەکانی قائیمقامییەتی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2020دا 1053 شوێن بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو تەنها 244 شوێن داخراون.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، “لەمساڵدا لیژنەکانی قائیمقامییەت سەردانی 66 هەزار و 751 شوێنیان کردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە کە 52 هەزار و 176 شوێن داخرابوون”.
بەپێی ئامارەکەی قائیمقامییەتی سلێمانی، “پێنج هەزار و 763 سەرپێچی تۆمارکراون، 205 شوێنیش دراونەتە دادگا”.
قائیمقامی سلێمانی ڕاشیگەیاند، “لەمساڵدا 950 تۆن و 728 کیلۆگرام کەلوپەل و کاڵای جۆراوجۆر لەناوبراون، لە ساڵی ڕابردووشدا یەک ملیۆن و 143 هەزار و 854 تۆن کاڵا و کەلوپەل لەناوبراون”.
“کۆی بڕی ئەو گەرامانەی بەهۆی سەرپێچییەوە وەرگیراون لەمساڵدا 325 ملیۆن و 440 هەزار دینار بووە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو کۆی بڕی غەرامەکان گەیشتووەتە 223 ملیۆن و 200 هەزار دینار”، بەپێی ئامارەکەی قائیمقامییەت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە لەمساڵدا چوار هەزار و 515 ئاگادارکردنەوە دراوە بە شوێنەکان و ساڵی ڕابردوو ژمارەی ئاگادارکردنەوەکان هەشت هەزار و 709 ئاگادارکردنەوە بووە.