لەبارەی داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمەوە روونکردنەوە دەدرێت

وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، مانگانە داهاتی كۆتایی 170 ملیار دینارە و بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكومەت خەرج دەكرێت.

مه‌ولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێم رایگەیاند، بە هەڵە لێكدانەوەیەك لە بابەتی ئەژماركردن و لێكدانەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەموو داهات بە نەقدی نییە تاوەكوو بۆ مووچە تەرخان بكرێت، بۆ نموونە دەوترێت 320 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە، ئەو لێكدانەوەیە هەڵەیە، بەڵكو دەبێت داهاتی كۆتایی ئەژماربكەین، بزانین چەندە.

وتیشی، “داهاتی كۆتایی ئەو بڕەیە، كە وەكو نەقد دەتوانین بۆ مووچە و پێشینەی فەرمانگەكان و پێداویستیی حكومەت بەكاریبهێنین، ئێمە لە بانك قەیدمان هەیە، ئەوەش نەقد و كاش نییە، گەڕانەوەی پێشینە و قەرزەكان بە داهات ئەژماركراوە، ئەوەش داهات نییە، بەڵكو یەكلاكردنەوە و تەسوییەیە”.

“داهاتی نەقد ئەوەی هەیە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی، مانگانە 170 ملیار دینارە و داهاتی كۆتاییە” مەولود سابیر وای وت.

باس لەوەشدەكات، هەندێك لە وەزارەتەكان بەشێكی داهات بۆ خۆیان دەگێڕنەوە و خەرجی دەكەن، “بۆ نمونە، لە هاتوچۆ لە وەزارەتی ناوخۆ 25%ی داهات بۆ خۆیانە و هەموو داهاتەكە بۆ ئێمە نییە، تاوەكو بەكاریبهێنین، لە زۆر لە وەزارەتەكان رێژەیەك لەو داهاتەی دەستیاندەكەوێت و دێتە بانكەكان دیاریكراوە، رێژەكە بۆ خۆیان بەكاریدەهێنن”.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی دارایی، بەهۆی کەمی سیولە و کاش لە بانکەکان، کورتهێنان لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە دروستبووە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە داهاتی ناوخۆ بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ کراوە کە داهاتی مانگی یەکی ساڵی 2023، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2022 بەکارهێنراوە و ئەو دۆخە درێژبۆتەوە تا ئەوکاتەی داهاتی مانگەکانی 7 و 8 و 9 بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگەکانی 6 و 7 بەکارهێنراوە کە هەردوو مانگەکە 535 ملیار دینار کورتهێنان هەبووە و بە داهاتی ناوخۆی سێ مانگ پڕکراوەتەوە.

دەشڵێت، ئەوە جگە لە خەرجی بەکاربردن کە مانگانە نزیکەی 110 ملیار دینارە و خەرجی بەرهەمهێنانی کارەباش مانگانە زیاتر لە 110 ملیار دینارە کە هەمووی لە داهاتی ناوخۆ دابیندەکرێت.

بابەتی پێشتر

لە شەش مانگدا نزیكەی هەزار كەس لە هەولێر لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون

بابەتی دواتر

بەغداد نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئارایشگای VIP داخرا

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئارایشگای (VIP) بەهۆی ئەنجامدانی كاری تاتۆ بەبێ مۆڵەت لەناو گەڕەكی كۆمپانیای نەوزاد داخست.…
Total
0
Share