ئەمینداری بەغداد رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکەن تا ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتووانی بەغداد 13 ملیۆن و 375 هەزار کەس تێپەڕێنێت و شارەکەش توانای لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی نییە.
عەممار موسا ئەمینداری بەغداد رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە جددی کاردەکەین بۆ چارەسەری زۆری ژمارەی دانیشتووان لە بەغدادی پایتەخت و بەردەوامین لە بونیادنانی چەند شارێکی نیشتەجێبوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکەین تا ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتووانی بەغداد بگاتە 13 ملیۆن و 375 هەزار کەس، تەنها چارەسەری کێشەی نیشتەجێبوونی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووان بونیادنانی شاری نیشتەجێبوونی نوێیە لە دەرەوەی سنووری شارەکە.
ئەمینداری بەغداد ئاشکراشیکرد، رەزامەندی لەسەر دروستکردنی چوار شاری نیشتەجێبوون دراوە، کە یەکیان شاری جەواهیرییە و دەکەوێتە سنووری بەغدادەوە، کارکردن لە شاری عەلی وەردی بەردەوامە لە نزیک شاری بسمایە، رەزامەندی لەسەر قۆناغی یەکەمی شاری سەدر دراوە.