ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە كێشەی مووچە چارەسەردەبێت بە مەرجێك هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی عێراق بكات.
غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، تائێستا یاسای بودجە و ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێنەكراون بەو پێیەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ چارەسەرنەكراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەردەبێت، بەوپێیەی لە یاسای بودجەدا هاتووە كە دەبێت هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستبكات، بەڵام ئێستا رۆژانە 80 هەزار بەرمیل رادەستدەكرێت و حكومەتی عێراقیش بەهانای ئەوەی هەیە كە هەرێم پابەندی رێككەوتنەكان و یاسای بودجە نەبووە.
جێی ئاماژە بۆ كردنە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئاڵپ ئارسلان بەیرەقدار وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، هێڵی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و توركیا لە رۆژی چوارشەممەی داهاتووەوە دەكەوێتە كار و دەتوانرێت بەبێ هیچ بەربەستێك نەوت هەناردەی بازاڕە جیهانییەكان بكرێت.