میدیایەكی ئابوری رایدەگەیەنێت، ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی كێشەی قەرەبووكردنەوەوە بەردەوامە و دەشڵێت، هەناردەكردنەوەكە بەمزوانە نابێت.
دامەزراوەی میدیایی (ئارگۆس) لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای عێراقی رایگەیاند، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی بۆریی نەوتی عێراق-توركیا بەردەوامە لە “ئاڵۆزبوون” بەهۆی بەهۆی کێشەکانی قەرەبووکردنەوەی دارایی نێوان هەردوو وڵات.
دامەزراوەكە، كە تایبەتە بە راوێژكاریی بازاڕ و نەوت و غاز و بارەگای سەرەكی لە لەندەن-ە، لە زاری سەرچاوەكەوە وتیشی، “پرسەکە پەیوەندی بە گرفتی لۆجستییەوە نییە، بەڵکو پابەندبوونە داراییەکانە”.
لە کۆتایی حوزەیرانی رابردووەوە گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی و كاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامە، پێشتر تورکیا هۆکاری وەستاندنەكەی بۆ پشکنین و هەڵسەنگاندنی بۆرییەکە بەهۆی زیانەکانی بوومەلەرزەكەی شوباتی رابردوو گەڕاندەوە.
سەرچاوە باڵاكەی عێراق دووپاتیشیكردەوە، “تورکیا ناتوانێت ئەو قەرەبووە بداتەوە عێراق کە بەپێی بڕیاری دۆسیەی ناوبژیوانی پێویستە، دۆخەکە ئاڵۆزە”.
دادگای ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە پاریس-ە لە مانگی ئازاردا فەرمانی بە ئەنقەرە کرد بڕی یەک ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بداتە بەغداد بە تۆمەتی پێشێلکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ عێراق بە بازرگانی راستەوخۆی نەوت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018.
سەرچاوەكە باسی لە گرفتێكی دیكەش كردووە، “تورکەکان بڕە پارەیەکی دیاریکراویان بە قەرز داوەتە کورد، پێدەچێت توركیا پێشتر لەڕێی پشکێکی دیاریکراو لە هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمەوە بەشێكی وەرگرتبێتەوە” و ئێستا توركیا داوای ئەو پارەیە دەكات، وەك ئەوەی سەرچاوەكە دەیڵێت.