ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی گروپێكی داعش پشتڕاستدەكاتەوە

ژمارەیەك لە تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان

دوای ئەوەی دوێنێ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیركردنی شانەیەكی داعش كە پیلانی ئەنجامدانی زنجیرەیەك تەقینەوەیان داڕشتبوو ڕاگەیاند، ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا پشتڕاستیكردەوە و دانپێدانانی گروپەكەی بڵاوكردەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی بە هاوکاری ئاسایشی سلێمانی/ بەشی ئۆپراسیۆن “توانییان گروپێکی مەترسیدار لە تیرۆریستانی (داعش) دەستگیربکەن”.

ئاسایش لەگەڵ ڕاگەیەندراوەكەدا تۆماری دانپێدانانی گروپەكەی بڵاوكردەوە.

دوێنێ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، بە ھاوکاریی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی “شانەیەكی تیرۆریستانی داعشیان دەستگیركردووە” كە پیلانیان داڕشتبوو زنجیرەیەك تەقینەوەی خۆكوژی ئەنجامبدەن و زۆرترین زیانی گیانی بگەیەنن بە هاوڵاتییان.

بەپێی دانپێدانانی دەستگیركراوەكان كە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویكردووەتەوە، گروپەكە ژمارەیان شەش كەس بووە “لە چوار خۆكوژ و دوو تیرۆریستی تر پێكهاتوون كە یەكێكیان ئەركی گواستنەوەی خۆكوژەكانی لەئەستۆ بووە و تیرۆریستەكەی تر داڵدەی داون”.

وەك لە دانپێدانانەكاندا ئاشكرابووە، پیلانیان داڕشتبوو لە شەوی 27ی مانگی ڕەمەزان و لەژێر ناوی “غەزوەی ڕەمەزان”دا، زنجیرەیەك تەقینەوەی خۆكوژی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی بەغداد ئەنجامبدەن.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت، هێزەكانیان بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەواڵگرییانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، پیلانەكەیان پووچەڵكردووەتەوە و بەر لە ئەنجامدانی تەقینەوەكان، سەرجەمیان دەستگیركردووە كە چواریان لە سلێمانی دەستگیركراون.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی بەریتانیا دەنگ لەسەر لەكارلادانی سەرۆك وەزیران دەدات

بابەتی دواتر

ڕیاڵ مەدرید بۆ جیسۆز: بە دوو پلان یاریت پێدەکەین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزی و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share